مامۆستایانی کوردستان لە شاری سنە و مەریوان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان پێکهێنا و هێزەکانی رێژیم مامۆستا “مەجید کەریمی”یان دەسبەسەر کرد.
مەجید کەریمی مامۆستای خەڵکی سەقز و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – سنە و کەڵاتەرزان، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
مامۆستا مەجید کاتێک بە مەبەستی بەدواداچوونی چارەنووسی مەسعوود فەرهیختە، هاوڕێ لەگەڵ چەند مامۆستایەکی دیکە چووبووە بەر بینای ئیتلاعاتی سوپا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەم ناوەندەوە دەسبەسەر کرا.
مەسعوود فەرهیختە یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئیسلامشار سەر بە پارێزگای ئەلبوورز و ئەندامی شوورای هاوئاهەنگی کۆمیتەی دانوستاندن بۆ ئازادی مامۆستایانە کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی مامۆستایان لەپێش بینای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی سنە بەشداری کردبوو و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە کاتێک ویستبووی بگەڕێتەوە لە گەراجی سنە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردان، مامۆستایان لە پێش بینای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی سنە، ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە بۆ پشتیوانیی لە مامۆستایانی دەسبەسەر کراو، بە تایبەت شەعبان محەممەدی، مەسعوود نیکخا و ئەسکەندەر لوتفی لەلایەن مەجید کەریمی خوێندرایەوە.
مەجید کەریمی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی چالاکییە پیشەییەکانیەوە چەندین جار لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە.