سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆمەڵێک بەڵگەنامەی پێوەندیدار بە نهێنیکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرنامەی ناوکییدا ئاشکرا کرد.
بەپیی ڕاپۆرتی “والستریت ژۆرنال”ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، نەفتالی بێنێت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە بارەی دزینی بەڵگەنامەی نهێنیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وتی: ڕێژیمی ئێران ژمارەیەک لەو بەڵگەنامانەی ئاژانس کە نهێنی بوون و تەنیا لە ژێر چاوەدێری ئاژانسدا بوون بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دزیویانە و منیش بە بەڵگەوە بۆ ئەوەی بە دنیای دەرەوەی بسەلمێنم لە گووگڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوم کردووەتەوە بۆ ئەوەی هەموو جیهان بزانێ کە کۆماری ئیسلامیی متمانەی هیچی نەماوە و دەستی بردووە بۆ بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی.
هەر لەو بارەیەوە ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دزینی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی دزیویە، دەیهەوێ لەو ڕێگەیەوە نزیکبوونەوەی بە دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی بشارێتەوە و ئاژانس نەزانێ ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم گەیشتوەتە چ ئاستێک، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە دزینی بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئاژانس سەلماندییان کە بە هیچ شێوەیەک جێگەی متمانە نین و باسی لەوەش کرد کە ئیسرائیل بە تەواوی فرتوفێڵەکانی ڕێژیمی ئێران دەزانێ و چووەتە نێو سیستمی زانیارییە نهێنییەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە.