وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران دەڵی: تا ئێستا ئەمریکا هیچ جۆرە وڵامێکی داواکارییەکانی ئێمەی بۆ درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن نەداوەتەوە.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، سەبارەت بە ڕاوەستانی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: هۆکاری سەرەکیی ڕاوەستانی وتووێژەکانی ڤییەن ئەمریکایە وتا ئێستا ئەمریکا وڵامی داواکارییەکانی ئێمەی نەداوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەیکە بەرپرسانی ئورووپایی ڕایانگەیاندبوو کە داواکارییەکەی ئێران سەبارەت بە لابردنی سپای پاسداران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانی ئەمریکا، بەربەستێکە لە سەر ڕێگەی وتووێژەکانی ڤییەن، ئەمریکا وتوویەتی کە لابردنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا هیچ جۆرە پێوەندییەکی بە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ بووژاندنەوەی ڕێککەتنی ناوکیی نییە و ئەو زێدەخوازیی ئێرانە.