جێگری وەزیری سەنعەت، کانزاو بازرگانیی ئێران پێی لەوە نا کە زیاتر لە٧هەزار کارگەی پیشەسازی لە ئێران داخراون.
عەلی یەزدانی کە هاوکات بەریوەبەری گشتیی ڕێکخراوی سەنعەتە بچووکەکانو شارۆچکە سەنعەتیەکانی ئێرانە، دەلێ لە نێو شارۆچکە سەنعەتییەکانی وڵاتدا ٣٧ هەزارو ٣٥ کارگەو کارخانە هەیە کە لەوەندە ٧ هەزارو ٥٨ دانەیان بە تەواوی داخراون.
عەلی یەزدانی گوتی لە لە شارۆچکە پیشەسازییەکانی ئێران هەزارو ٩٩ کارگەو کارخانەش لەلایەن بانکەکانەوە پاوان کراون کە لەوەندە کارخانەیە ٢٧٦ دانەیان داخراونو ئەوانەی دیکەش بە کەمتر لە نیوەی زەرفییەتیان کار دەکەن. وەک ئەو باسی دەکا لە ٣٧٨ کارگەو کارخانەی سەنعەتیدا یان هیچ داوایەک نییە، یان کەمتر لە سەدی ١٠ ی ئەو کارگەیانە گەیشتوونەتە قۆناغی بەرهەمهێنان.
جێگری وەزیری سەنعەت، کانزاو بازرگانیی ئێران پێی وایە کە گەمارۆکان، ماڵیات، سوودی زۆری بانکی، قەرزداربوون بە بانکەکان، بێ بازاڕیی کاڵاکانی ئێرانیو گرانبوونی کەرەستەی سەرەتایی بەرهەمهێنان هۆکاری سەرەکیی داخرانی زۆربەی کارگەو کارخانە سەنعەتییەکانی ئێرانن.
پێش ئەویش عەبباس پاپیزادە، نوێنەری مەجلیسی ئێران حەوتووی پێش رایگەیاند کە بەپێی ئامارەکان زیاتر لە سەدی ٦٠ی کارگەو کارخانە بەرهەمهێنانەکان لە ئێران یان داخراون، یان بە نیوەداخراوی وەنەوزێک دەدەن.
ڕوحوڵلا عەبباسپوور، وتەبێژی کۆمیسیۆنی پیشەسازی لە مەجلیسیش ڕۆژی ١٤ ی پووشپەڕی هاوینی ڕابردوو گوتبووی کە سەدی ٢٠ ی کارگەو کارخانە بچووکەکان لە ئێران بە تەواوی داخراونو سەدی ٤٠ ی دیکەشیان بە کەمتر لە نیوەی زەرفییەتیان کار دەکەن.