کاربەدەستێکی وەزارەتی بێهداشت، دەرمانو فێرکاریی پزیشکی دەلی کە توشبووان بە ئیدز لە ئێران زیادیان کردوە. ئەو دەڵێ لە ئێستادا ٣١ هەزار توشبووی ئیدز لە ناوەندە دەرمانییەکان فایلیان هەیە.
پەروین ئەفسەر کازروونی، بەرپرسی ئیدارەی کۆنتڕۆڵی ئیدز لە ئێران ڕۆژی سێشەمە لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ دەنگو رەنگی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە پەروەندەی توشبووان بە ئیدزی ٣٠هەزارو ٧٠٠ کەسیان هەیە. ئەو نەیشاردەوە کە ئەوەندە کەسە تەنیا ئەوانەن کە ناو و پەروەندەیان هەیەو هێشتا سەدی٧٠ی توشبووانی نەناسراون.
پەروین کازروونی هەروەها گوتی کە سەدی ٨٥ ی توشبووان بە ئیدز لە ئێران پیاونو سەدی ١٥ی دیکەی ژنانن.
هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هۆکاری سەدی ٧٠ی توشبوونی ئەو کەسانە بەکارهینانی دەرزیی هاوبەش لە نێو موعتادە تەزریقییەکاندا بووەو سەدی ٢٠ بەهۆی پێوەندییە سێکسییەکان ئالوودە بوون، بەڵام کارناسانی سەربەخۆ دەڵێن ڕێژەی توشبوون بەهۆی پێوەندییە جنسییە نەپارێزراوەکان زۆر لە ئامارە ڕەسمییەکان زیاترە.
بەرپرسی ئیدارەی کۆنتڕۆڵی ئیدز لە ئێران لە کۆتاییدا ئەوەشی گوت کە هەوڵو بەرنامەکانی دەوڵەت تا ئێستا بۆ پێشگرتن لە نەخۆشیی ئیدز کەمو ناتەواو بووەو هاتنەخوارێی تەمەنی توشبووان بە ئیدز دەریدەخا کە دەوڵەت لەو کارەدا سەرکەوتوو نەبووە.
شایانی باسە وەزارەتی بێهداشتو دەرمانو فێرکارییە پزیشکییەکان لە دەوڵەتی حەسەن ڕوحانیدا پێی لەوە ناوە کە سیاسەتی چەوتو شاردنەوەو حاشاکردن لە ئیدز، ڕێی بۆ پەرەسەندنی ئەو نەخۆشییە خۆش کردوە.