مامۆستایان و فەرهەنگیانی مەریوان، ڕۆژی ڕابردوو بە نیشانەی ناڕەزایەتیی لەهەمبەر بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سێ مامۆستای مەریوانی، لەبەردەم بینای دادگوستەری ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ڕۆژی دووشەممە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستایان و فەرهەنگیانی شاری مەریوان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی لەهەمبەر دەسبەسەرکرانی سێ کەس لە مامۆستایانی شاری مەریوان لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی مامۆستایان بە ناوەکانی” شەعبان محەممەدی، مەسعوود نیکخاهـ و ئەسکەندەر لوتفی، لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی مەریوان کە مانگی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ حەوتووی مامۆستا و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕینی مامۆستایانی ئێران وبە تایبەتی کوردستان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، لەبەردەم بینای دادگوستەری شاری مەریوان ناڕەزایەتییەکی بەربڵاویان بەڕێوە برد و داوای ئازادکردنی ئەو سێ مامۆستا دەکەن.