ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی “ئەلمەشرێق” لە لوبنان دەڵێ لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٤ەوە تا ئێستا زیاتر ٢٨٠ نیزامیی ئێرانی لە شەڕی نێوخۆیی وڵاتی سووریەدا كوژراون.
ئەم ناوەندە دەڵێ ژمارەی بەرچاوی كوژراوەکانی ئێران لە سووریە ئەوە دەدەردەخا کە كۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگرە لەسەر مانەوەی دەوڵەتی بەشاری ئەسەد لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی “ئەلمەشرێق” دەڵێ بەشداریی تۆخی هێزی نیزامیی ئێران هەروەها ئەمە نیشان دەدا كە ئەم وڵاتە ئامادەیە بە هێزی نیزامیی خۆی، جێی ئەرتەشی ڕوو لە لێکبڵاوبووی ئەم وڵاتە بگرێتەوە.
مایكێل هۆرۆیتز، کارناسی بواری ژئۆپۆلێتیكو ئەمنیەت دەڵێ هێزەكانی ئێران لە سووریە پێچەوانەی کاربەدەستانی ئێران دەڵێن نەک هەر ڕاوێژكاری نیزامی نین، بەڵكوو لە ریزەكانی هەرە پێشەوەی تەرتەشی بەشار ئەسەدا شەڕ دەكەن.
ئەو لێکۆڵینەوەی دەری خستووە کە ئەو دوو مانگەی ڕابردوو بۆ هێزەكانی ئێران لە سووریە کارەسات بووەو زۆرترین ژمارەی کوژراوەکانی ئێران لە ٨ مانگی ڕابردوو ئی ئەو دوو مانگە بووە، ئەویش پێوەندیی بە تێكهەڵچوونەكانی حەلەبو شەڕو پێکدادانەکانی دەرووبەری ئەو شارە بووە.
بەقسەی ئەم ناوەندە، ٥٠ هێزی چەکداری ئێران لە نوێترین دژە هێرشی ئۆپۆزیسیۆنی سووریەدا لە مانگی ڕابردوو لە باشووری شاری حەلەب كوژراون. هەروەها لە مانگی فێوریەی ئەمساڵدا، ژمارەی كوژراوانی ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی کردوەو لەو مانگەدا ٦٤ کەس لە هێزەکانی سپای پاسدارانو ئەڕتەشی ئێرانی كوژران كە لەوەندە کەسە ٥١ كەسیان لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا بووە كە لەگەڵ هێرشی باكووری حەلەب هاوكات بووە، گیانیان داناوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ماوەیەک لەوە پێش ڕاوێژكاری كاروباری نێودەوڵەتیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی لە دیدار لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی سویس ڕایگەیاند كە دەبێ بەشار ئەسەد تا كۆتایی دەورەی سەركۆماریی ٧ ساڵەی خۆی، یانی تا ٥ ساڵی دیكەش لە دەسڵاتی سووریەدا بمێنێتەوە.
ویلایەتی گوتی کە لە ڕوانگەی كۆماری ئیسلامییەوە، بەشار ئەسەد لە ٢ ساڵ لەمەوبەرەوە وەك سەركۆماری قانوونیی سووریە هەڵبژێردراوەتهوهو پێویستە تا كۆتایی خولی ٧ ساڵەی سەركۆمارییهکهی لە دەسەڵاتی ئەم وڵاتەدا بمێنێتەوە.
ویلایەتی ڕۆژی ١٤ی مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووش بەشار ئەسەدی بە هێڵی سووری ئێران زانیبوو و ڕایگەیاندبوو كە كۆماری ئیسلامی قەت لەگەڵ ئامریكا لەسەر سووریە پێك نایەو بە تەمای ئەوەش نییە لە مەیدانی شەڕ و سیاسەتدا پشتی بەشار ئەسەد چۆڵ بكا.