وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرەڕای مەحکوومکردنی دزینی دوو نەوتهەڵگرە یونانییەکە لەلایەن ئێرانەوە، داوا دەکا کە بە خێراترین کات ئەو دوو نەوتهەڵگرە ئازاد بکرێ.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی بەدەرکردنی بەیاننامەیەک، هەڕەشە دەریاییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا بە توندی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە دزییەکانی ئێران بە ئاشکرا هەڕەشەیە بۆ سەر بازرگانی و ئابووریی جیهان و دەبێ پێشی پێبگیردرێ.
هەرلەم پێوەندییەدا بنکەی فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا، هەوڵەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا بۆ ڕفاندنی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان بە پیشێلکردنی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان ناوبرد.