سێ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی “شنۆ” و “جوانڕۆ” بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئێران بریندار بوون.
شەوی ڕابردوو رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆڵبەرێک بە ناوی “سابیر ئیبراهیمی” خەڵکی گوندی “ئاڵکاوێ”ی شنۆ لەکاتی چوون بۆ کۆڵبەری دەدرێتە بەر دەسڕێژی گوللـە و بریندار دەبێ، ئەم کۆڵبەرە لاوە بە هۆی قووڵی برینەکەیەوە بۆ چارەسەری پزشکی دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد.
هەر هەمان شەو لە سنووری نەوسوود، دوو کۆلبەری خەڵکی جوانڕۆ بە ناوەکانی “عومەر یەعقووبی” و “جەلال مروەتی” لە کاتی چوون بۆ کۆڵبەری بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بریندار بوون.
سنووری نەوسوود ماوی یەک حەووتویە لەلایەن ڕێژیمەوە میلیتاریزە کراوە و ڕێگا بە هاتوچۆی خەڵک نادرێت.
جێ ئاماژەیە کە هێشتا هۆکاری ئەم قەدەغەی هاتوچۆیە لەلایەن ڕێژیمەوە نادیارە و لە ماوی ئەم حەووتوەدا سەدان ماشینی خەڵک و کۆڵبەرەکان لەم سنوورە دەستی بەسەردا گیراوە و لەلایەن هێزە تاڵانچییەکانی ڕێژیمەوە تاڵان کراون و بۆ وەرگرتنەوەی ماشینەکانیان داوای پارەیەکی یەکجار زۆریان لە خەڵک کردووە.