ڕێگاوبانەکانی ناوچەی هەوشار بەرادەیەک خراپن کە بەردەوام ڕوودای هاتوچۆی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی گیان لە دەستدانی هاووڵاتیان.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕێگای نێوان سایینقەڵا-بۆکان سێ ڕوودای هاتوچۆ لەیەک ڕۆژدا ڕوویداوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەک و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
هەر لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا تەنیا لە ڕێگای نێوان بۆکان-سایینقەڵا بەهۆی خراپیی و تێکچوونی جادەکە، نزیکەی ٢٠ ڕوودای هاتوچۆ ڕوویداوە،چەند جارێک هاووڵاتیان داوایان کردووە کە جادەکەیان بۆ نۆژەن بکرێتەوە بەڵام تا ئێستا هیچ وڵامێکیان نەدراوەتەوە.
لە ناوچەی هەوشار بە گشتیی و ڕێگاوبانی نێوانی سایینقەڵا-تیکابیش ڕووداوی هاتووچۆی لێدەکەوێتەوە و جاددەکە بە ڕاددەیەک تێکچووە کە کەڵکی بەکارهێنانی نەماوە .
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەو جادەیەش چەندین ڕووداوی هاتوچۆ بووە هۆی بریندار بوون و کەمئەندامبوونی چەند هاووڵاتیەک.
شایانی باسە کە ناوچەی هەوشار ناوچەیەکی دەوڵەمەند و کانزایی و بە تایبەت کانزای زێرە کە تەنیا تۆز و خۆڵ و سەرئێشەکەی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە و کۆماری ئیسلامیی هاوکات لە گەڵ ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بە پەلە خەریکی بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەو ناوچەیەیە و هیچ خزمەتگوزارییەکیش بۆ خەڵک لە ئارادا نییە.