سێ هاوپەیمانیی دژبەری کۆماری ئیسلامی: ڕووخانی بینای مێترۆپۆلی ئابادان، بەرهەمی گەندەڵیی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێرانە
سێ هاوپەیمانیی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە رۆژی٨ی جۆزەردان بڵاویان کردۆتەوە لە پێوەندیی لەگەڵ ڕووخانی بینای مێترۆپۆلی شاری ئاباداندا، دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیاری ئەو کارەساتە دەزانن و ڕایانگەیاندووە کە ڕووخانی بینای مێترۆپۆل، بەرهەمی گەندەڵیی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێرانە.
ئەو سێ هاوپەیمانییە کە پێکهاتوون لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، شورای دێموکراسی خوازان و هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران لە راگەێندراوێکی هاوبەشدا بەئاماژە بەهۆکارەکانی رووخانی بینای مێترۆپۆل رایانگەیاندووە کە بەرپرسانی دەسەڵات، سەرۆکی شارەوانی وبەرپرسانی دیکەی شاری ئابادان بە وەرگرتنی بەرتیل لەگەڵ خاوەنی بیناکە پێکهاتوون، بۆیە بەرامبەر بەم کارەساتە و گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان بەهۆی رووخانی بیناکەوە، بەرپرسیارن.
ئەو سێ هاوپەیمانییە، وێڕای پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئابادان و شارەکانی دیکە رایانگەیاندووە کە رووخانی بینای مێترۆپۆل یەکێکە لە لێکەوتەکانی چل ساڵ دەسەڵاتداریی دیکتاتۆری مەزهەبی لە ئێران.
لە کۆتایی راگەێندراوەکەیاندا ئەو سێ هاوپەیمانییە، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی و هاوخەمیی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکانی ئەو کارەساتە، داوای بەسزاگەیاندنی خاوەنی بیناکە و ئەو بەرپرسانە دەکەن کە هۆکار بوون لە رووخانی ئەم بینایە و درووست بوونی ئەو کارەساتەدا. و باسی بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان و سەرکوتی خەڵک لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەکەن.