زیاتر لە سەتا٩٠ی منداڵانی ئیدارەی بێهزیستی لە ئێران، لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەش کراون و مەرجەکانی بەخێوکردنیان نییە.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، عەلی محەممەد قادری، بەرپرسی ڕێکخراوی “بێهزیستی”ـی ڕێژیمی ئێران وتی: خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی بەخێوکردنی منداڵانی بێهزیستی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و سەتا٧٥ی داواکارییەکانی خەڵک بۆ بەخێوکردنی منداڵان ئەوەیە کە منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵان و تەندروستیان دەوێ و ئیدارەی بێهزیستیش ناتوانێ وەکوو پێویست مەرجەکانی بەخێو کردنی منداڵان دەستەبەر بکا، لە ئێستادا زیاتر لە سەتا٩٠ی منداڵانی ئیدارەی بێهزیستی لە ئێران لە خزمەتگوزاریی بەخێو کردن بێبەش بوون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانییەوە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، لە ئاستی ناوچەکە و جیهانیش تووشی گەمارۆگەلی سیاسی، ئابووری، تێکۆنۆلۆژی بووەتەوە و ئەوەش وایکردووە کە ژیان بۆ کۆمەڵگەی ئێران پڕئاستەنگ و نالەبار بووە و بەرپرسانی ڕێژیم لە هەموو بوارێکەوە دەرفەتی ژیانیان بۆ خەڵک نەهێشتووەتەوە وئەو ڕیژیمە ناتوانێ منداڵانی بێ سەرپەرەستیش بەخێو بکا، لە حاڵێکدا بەردەوام لەسەر سامانی خەڵکی ئێران تێچووی تێرۆریستەکانی وڵاتانی دیکە دابین دەکا.