ژنە دەسبەسەرکراوێکی سیاسی، خەڵکی مەهاباد، سزای ٣مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا .
نەخشین ئەحمەدی هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی گوندی “قزلقۆپی” مەهاباد لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای نایاسایی بە ناو شۆڕشی رێژیم لە مەهاباد بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی سزای ٣ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
نەخشین ئەحمەدی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ١٤٠١ی هەتاوی دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە دەستبەسەر کراوە و بۆ ورمێ گوازراوەتەوە.
ناوبراو دوای سێ حەفتە لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.
نەخشین ئەحمەدی دایکی دوو منداڵە و نەخۆشیی تایبەتی هەیە و مانگی خاکەلێوە دەبوا شیمیدەرمانیی بۆ بکرێت، بەڵام لەو کاتەوە دەسبەسەر کراوە نەک هەر ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان نەکراوە بەڵکوو لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانیشی بێبەش کراوە.