گرووپی تاڵیبان بەدەرکردنی بڕیارێکی نوێ بە هەموو شۆفێرەکانی ڕاگەیاندووە کە نابێ ژن بە تەنیا سواری ماشینەکەیان بێ و بیگوازنەوە بۆ شوێنێکی دیکە.
مەولەوی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی ئیدارەی( هاندان بۆ چاکە و دووری لە خراپە)ی تاڵیبان لە هەرێمی قەندەهار، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە بڕیارێکی نوێدا بە هەموو شوفێرماتۆڕ و ماشینەکانی ڕاگەیاندووە کە نابێ لەو هەرێمە ژن بە تەنیا بەمەبەستی گواستنەوە بۆ شوێنێکی دیکە سوار بکەن.
ناوبراو هەروەها وتی: گواستنەوەی ژنان بەتەنیا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گەندەڵی و دەسدرێژی سێکسی و دەبێ هێزەکانی تاڵیبان لە ئەگەری بینینیدا سزای قورسی شوفێرەکە بدەن.
جێگەی ئاماژەیە کە لە کاتی هاتنەسەرکاری گرووپی تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان، ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژیی زۆر بوونەتەوە، نوێترینیشیان ئەوەیە کە لە کاتێکدا بەهۆی چەندین ساڵ شەڕ لە ئەفغانستان زۆربەی ژنان مێرد و برا و ئەندامانی بنەماڵەکەیان لەدەستداوە، تاڵیبان بڕیارێکی دیکەی دژی ژنانی ئەو وڵاتە دەرکرد.