سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وێڕای هەڕەشەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران وتی: دەورانی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران کۆتایی هاتووە.
نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: هەر کەس و وڵاتێک لە گرووپە تێرۆریستەکانی دژی ئیسرائیل پشتیوانیی بکا و چەکوچۆڵیان بۆ دابین بکا، باجێکی قورس دەبێ بداتەوە.
ناوبراو لەدرێژەدا ئاماژەی بەوەکرد کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانیەوە بەدژی ئیسرائیل و ناوچەکە دەجووڵیتەوە و دەبێ سەری ئەو هەشت پێیە لە ئێراندا ببڕدرێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەم لێدوانەی نەفتالی بێنێت، یەک حەوتوو پاش کوشتنی حەسەن سەییاد خودایی، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی سپای قودس کە لەتاراندا کوژراو و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان لە ئیسرائیل کردبوو هاتوەتەئاراوە.