محەممەد ڕەزا مەحبووبی فەڕ، لێکۆڵەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان: لە ١٠ رۆژی ڕابردوودا لانیکەم پێنج هەزار کۆرپەی ساوا لە ئێران لە سەر شەقامەکان فڕێ دراون.
ئەم لێکۆڵەرە بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوی یارمەتیدەرانی کۆمەڵگا (مددجویان اجتماعی) ڕایگەیاند کە ڕۆژانە ٥٠٠ کۆرپەلە و کۆرپە لەبار دەبرێن یان لە شەقامەکان بەجێیان دەهێڵن.
مەحبووبی فەڕ کە خۆی ئەندامی ئەنجومەنی فێرکاری بێهداشت و تەندرووستییە، وتی کە زیادبوونی ڕێژەی لەباربردنی کۆرپەلە و بەجێ هێشتنی کۆرپە لە سەر شەقامەکان بە سیاسەتی هەڵەی زیادکردنی ڕێژەی کۆمەڵگا لەلایەن رێژیمی دانا و ئاماژەشی بەوە کرد کە ئێستا کەرەستە و حەبی بەرگریی دەس ناکەوێ و ئەمەش یەکێک لە دەیان هۆکاری ئەم کارەساتەیە کە ئێستا ئەم کەرەستە بەرگرییانە لە بەردەستی زیاتر لە ٤٠ ملیون کەسی ئێرانیدا نییە.
هەروەها ئەم شارەزای بوواری کۆمەڵگایە ڕایگەیاند کە دۆخی نالەباری ژیان و سیاسەتی بە لاوکردنی کۆمەڵگە لەم گرانیەدا ئەم کارەساتانە پێکدێنێ و دەبێ دەوڵەت بیر لە ئاسایشی ژیانی هاوبەش و پێکهێنەرانی ژیانی هاوبەش بکاتەوە کە ئەم کارەساتە روونەدات.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم دۆخە مەترسیدارە ئابوورییە کە رێژیم بە سەر خەڵکیدا سەپاندووە بووەتە هۆی تێکدانی کۆمەڵگا و بە تایبەت بنەماڵەکان و خەڵک توانای دابینکردنی تێچووی منداڵەکانیان نەماوە و هەر بۆیە دووگیان بوونی نەخوازراو لەم کاتەدا زۆر کارەساتبارە بۆ خەڵک هەر بۆیە کەسەکان بیر لە ناوبردنی کۆرپەلە و کۆرپەکانیان دەکەنەوە .