ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، هەواڵی دامەزراوەیەکی سەربازیی شاراوەی لە بواری بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پشتڕاست کردەوە.
محەممەد باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، سەردانی بنکە شاراوە ژێر زەوینییەکەی ئەرتەشی کرد کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشێوەی شاراوە بەرهەمدێنێ.
محەممەد باقری بە بێ ئاماژەکردن بە شوێنی ئەو بنکە سەربازییە وتی: بە خستنەڕووی ئەو دامەزراوەیە لە چەند سەد میتری ژێر زەوینەوە، ئێران بووە بە یەکێک لە بەهێزترین وڵاتەکانی ناوچەکە لەبواری بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس سەربە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ئەو بنکە سەربازییە ژێر زەوینییە ناوی” ٣١٣”یە کە چەندین جۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەوێدا بەرهەمهێنراون.
جێگەی ئاماژەیە کە؛ بنکەیەکی شاراوەی دیکەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕێژیمی ئێران لە ماهیەشتی کرماشان، هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای ئێران، سێ مانگ پێش کرایە ئامانجی هێرشی مووشەکی و بە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕێژیمی ئێران تێکشکێندران.