سیئێنئێن: شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین بووە بە هۆکارێک کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین، بەشێوەیەکی بەرچاو داببەزێ.
هەواڵدەریی سیئێنئێن، ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا لەزاری ناوەندی لێکۆڵینەوەیی وزە نووسی: لە کاتی دەسپێکردنی هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر خاکی ئۆکراین، فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە وڵاتی چین، بەهۆی کێبڕکێیی فڕۆشتنی نەوت لەگەڵ ڕووسیەدا یەک لەسەر چوار دابەزیوە و پاش گەمارۆکانی ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر ڕووسیە، ڕووسیە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی بۆ چین بردۆتە سەرێ.
کارناسانی بواری وزە لەم باریەوە ڕایانگەیاندووە کە هەناردەکردنی زۆری نەوتی ڕووسیە بۆ وڵاتی چین بووە بەهۆکارێک بۆ ئەوەی بەرپرسانی وڵاتی چین داوا لە ئێران بکەن کە نەوتیان بە نرخێکی کەمتر پێ بفڕۆشێ و لەهەمان کاتدا کوالیتی نەوتی ڕووسیە لەسەرترە و ڕووسیە کێشەی فڕۆشتنی نەوتی بە وڵاتی چین نییە، بەڵام ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە ناتوانێ بە ئاسانیی نەوت هەناردە بکا و بیفرۆشێ.
لەم بارەوە “حەمید حوسەینی” ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەهەواڵدەریی “ئیلنا”ی ڕاگەیاندووە کە بە هاتنی ڕووسیە بۆ نێو بازاڕی نەوتی چین، فرۆشتنی نەوتی ئێران، ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەکاتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە چین لەماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا، یەکەمین وڵات بووە کە نەوتی ئێرانی کڕیوە.