بەرپرسان و ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕایانگەیاند کە کەسێک لە تاران، ڕاستەوخۆ تەقە لە هێزە ئینتیزامییەکان دەکا و ٤ کەس بریندار دەکات.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، کەسێکی چەکدار کە ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە لە شەقامی تاڵەقانی لە شاری تاران، ڕاستەوخۆ تەقە لە هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیم دەکا و ٤ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم بریندار دەکا و پاشان شوێنەکە بە جێدەهێڵێ.
هەرلەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی” جام جەم ئانلاین” ڕایگەیاند کە تەقە لە جێگری بەرپرسی پۆلیسی تاران لە شەقامی تاڵەقانی کراوە و فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکانی تارانیش ڕایگەیاند کە هێزەکانمان ڕۆیشتوون کە ئەو کەسە دەسبەسەر بکەن و بۆیە ئەویش ڕاستەخۆ تەقەی لە هێزەکانمان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە حوسێن ڕەحیمی، فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکانی تاران وتی: ئەو کەسە باغدارە و ڕۆژی هەینی بەهۆی کێشەی زەوییەوە لە شاری شەهریار، ٤ کەس دەکوژێ و ٢ کەسی دیکەش بریندار دەکا و هەڵدەێ و کاتێک کە هێزەکانمان دەچن بۆ دەسبەسەرکرانی ئەو کەسە ئەویش ڕاستەوخۆ تەقە دەکا ٤ کەس لە هێزەکانمان بریندار دەکا.
جێگای ئاماژەیە کە بە پێچەوانەی چەواشەکارییەکانی ڕێژیم و بە پێی زانیارییەکان کێشەی نێوان باڵەکانی ڕێژیم و پێڕانەگەیشتنی ڕێژیم بە هەندێک هێز و هەروەها ناڕەزایەتیی بەشیک لەو هێزە چەکدارانە لە ڕێژیم هۆکاری ئەو تەقە کردنەیە.