وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بە شێوەیەکی فەرمیی بەرپرسایەتیی دزینی دوو نەوتهەڵگرەکەی یونانی وەئەستۆ گرت و وتی: پێوەندییەکانی ئێران و یونان نابێ بە بڕیاری ئەمریکا کێشەی بۆ دروست بێ.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش زۆربوونی کێشەکانی نێوان ئێران و یونان لەسەر دزینی دوو نەوتهەڵگری یونانی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، سەرەڕای ئەوەیکە بەفەرمیی دزینی ئەو دوو نەوتهەڵگرەی یونانی وەئەستۆ گرت نووسی: بە بڕیاری ئەمریکا بارێکی نەوتی ئێران کە ٧٠٠هەزار بەرمیل نەوت بووە لە ئاوەکانی یوناندا دەستی بەسەردا گیراوە و دراوە بە ئەمریکا، ئێمەش بە تۆڵەی ئەو کارە دەستمان بەسەر ئەو دوو نەوتهەڵگرەی یوناندا گرتووە، نابێ ئەمریکا پێوەندییەکانی ئێران و یونان تووشی کێشە بکا.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا بەپێی یاسای نێونەتەوەیی داوای لە یونان کردبوو کە ئەو نەوتهەڵگرە ڕووسییە کە نەوتی ئێرانی بە مەبەستی پێشێلکردنی گەمارۆکان بەدژی ئەو دوو وڵاتە دەگواستەوە دەستی بەسەردا بگرێ و ڕادەستی ئەمریکای بکا.