لە سنووری بانە و نەوسوود و پیرانشار، تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کۆڵبەران ٤ کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە .
بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردان ١٤٠١ی هەتاوی، کۆڵبەرێک خەڵکی بانە لە سنووری ئەم شارە بە ناوی “ئاکۆ ڕەسووڵی” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی گیانی لە دەست دا، و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “ئارام محەممەدی” بە سەختی بریندار دەبێ.
هەروەها لە سنووری نەوسوود کۆڵبەرێک بە ناوی “جواد باباخانی” ٢٨ ساڵە خەڵکی گوندی “قۆڕی قەڵا” سەر بە شاری ڕوانسەر لە کاتی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی رێژیم لە بەرزایەکانی ئەم سنوورەوە بەردەبێتەوە و بە تووندی بریندار دەبێ و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری پاوە دەکرێ.
شەوی ڕابردووش رێکەوتی ٧ی جۆزەردان کۆڵبەرێک خەڵکی باشووری کوردستان بە ناوی “کەیوان سوور” لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری پیرانشار بە تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئێران دەپێکرێ و گیانی لە دەست دەدا.