كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ٣٧ ڕۆژنامەنووسو هەواڵنێری بەندكراو، یەكێك لە ٨ زیندانی گەورەی جیهان بۆ چالاكانی بواری ڕاگەیاندنە.
ئەم وڵاتە لە پلەبەندیی جیهانیی ئازادیی ڕاگەیاندن لە ساڵی ٢٠١٦ لە نێو ١٨٠ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ١٦٩دا جێی گرتووە.
هاوكات لەگەڵ هاتنەوەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕاگەیاندن، ٢٣٠ ڕۆژنامەنووسی ئێرانی لە نامەیەكی سەرئاوەڵادا ڕوو بە حەسەن ڕووحانی، سەركۆماری ئەم وڵاتە داوایان لێ كردووە مشوورێك لە بارودۆخی دەستبەسەركرانی ئەو کۆمەڵە ڕۆژنامەنووسە بخوا کە لە ڕەوتی سیناریۆی بە ناو “نفووز”دا گیراون.
ڕۆژنامەی قانوونیش چەند لاپەڕە لە ژمارەی سێشەممەی خۆی بۆ “ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕاگەیەنەكان” تەرخان كردووەو لە جێگای وێنەی یەکەمی ڕۆژنامە، كاریكاتۆرێكی لە كەیوان وارسی چاپ كردووە كە باس لە تەمەنی كورتو پەپوولەییو بەربەستی لەڕادەبەدەری بەردەم چالاكی كردنی ڕاگەیەنەكانو ڕۆژنامەنووسان دەكا.
ئەم ڕۆژنامەیە هەروەها نووسیویەتی: هەواڵنێران لەژێر ناوی تاوانە ئەمنیەتییەكاندا دادگایی دەكرێنو ئاستی كۆچكردنی ڕۆژنامەنووسانی ئەم وڵاتە لە وڵاتانی جیهان زیاترە.