ڕێژیمی ئێران، پاش بانگهێشتی باڵوێزی یونان لە تاران، لە کاردانەوە بەرانبەر دەست بەسەرداگرتنی باری نەوتی ئیران لەلایەن ئەمریکاوە لە ئاوەکانی یونان، دەستی بەسەر دوو نەوتهەڵگری یونانیدا گرتووە.
ماڵپەڕی لوید لیست، کە هەواڵەکانی گەیاندن وگواستنەوە دەریاییەکان دەگوازێتەوە، ڕۆژی هەینی ٦ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران، لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا دەستیان بەسەر دوو نەوتهەڵگری وڵاتی یوناندا گرتووە و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران پاش دەسبەسەرداگرتنی ئەو دوو نەتهەڵگرە، کەشتییەکانیان گواستوەتەوە بۆ کەناراوەکانی ئێران.
وەزارەتی دەروەی یونان، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا و بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەو کارەی ئێران دزی دەریاییە و بەتوندی مەحکوومی دەکەین و هەروەها ڕایشیگەیاندووە کە هێزەکانی سپای پاسداران پاش ئەوەیکە دەستیان بەسەر نەوت هەڵگرەکاندا گرتووە، کارمەندانی نەوتهەڵگرەکانیان داوەتە بەر لێدان و سووکایەتیی پێکردن.
هەرلەم پێوەندییەدا سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران پاش دەسبەسەرداگرتنی ئەو دوو نەوتهەڵگرە بەدەرکردنی بەیاننامەیەک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە بە تۆڵەی دەسبەسەرداگرتنی بارێکی نەوتمان لە ئاوەکانی یونان لەلایەن ئەمریکاوە دەستمان بەسەر ئەو دوو نەوتهەڵگرەی یوناندا گرتووە.