خەڵکی شاری ئابادان بە هۆی کارەساتی ڕووخانی بینای میترۆپۆل کە بووبە هۆی کوژرانی دەیان کەس بۆ شەوی سێهەم ڕژانە سەر شەقام ودژی ڕێژیم خۆپێشاندانیان کرد، هاوکات لە چەند شاری دیکەشدا پشتیوانییان لێکرا.
خەڵکی ئابادان سەر بە پارێزگای خووزستان لە دوای کارەساتی ڕووخانی باڵەخانەی میترۆپۆل شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، بە هۆی وڵامنەدانەوەی ڕێژیم و سزانەدانی کاربەدەستانی ئەم رووداوە دڵتەزێنە هاتنە سەر شەقام و خۆپێشاندانێکی بەرینیان دژ بە رێژیم رێکخست و دروشمی دژ بە دەسەڵاتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت خامنەییان وتەوە.
هاوکات لە چەند شاری دیکەش وەکوو خۆڕەمشار، ئەهواز، بووشێهر و شاهین شار خۆپێشاندان بۆ پشتیوانیی لە خەڵکی ئابادان و دژ بە کۆماری ئیسلامیی ڕێکخرا،
جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژی٢ی جۆزەردان، بینای نیوەکارەی میترۆپۆل لە شاری ئابادان بە هۆی ناستانداردبوون و گەندەڵیی لە کەرەستەی بیناسازیەکەیدا ڕووخا و بووە هۆی کارەساتێکی گەورە کە تا ئێستا ٢٤ کوژراو و ٣٨ برینداری لێکەوتۆتەوە و دەیان هاوڵاتیی هێشتا لە ژێر باڵەخانە ڕووخاوەکە گیریان خواردووە و خەڵک بە دەستی بەتاڵ هەوڵی دۆزینەوەی تەرمی ڕۆڵەکانیان دەدەن .