تورکیە دەیهەوێ هێرشی سەربازیی نوێ بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و تۆپبارانی چەند ناوچەیەکیشی دەستپێکردووە، ئەمریکاش ناڕازییە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕەجەب تەیێب ئەردۆغان، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رۆژئاوی کوردستانی کردووە و شەوی ڕابردوو ئەم هێرشە بە شێوەی تۆپبارانی ناوچەکانی سەرێکانی دەستی پێکردووە کە بووەتە هۆی کوژرانی ٤ هاوڵاتی کورد و بریندار بوونی چەندین هاوڵاتی مەدەنیی دیکە و جیا لەمەش ئاگری ئەم هێرشە بووەتە هۆی سووتانی گەنم و جۆی جووتیاران کە تاکە بەرهەمی ئەم ناوچەیە.
ئەم هێرشە هەر زوو ناڕەزایەتی ئامریکای لێکەوتەوە کە یەکەم هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دوای ئەوەی تورکیا نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکراکرد بەپاساوی دروستکردنی ناوچەی ئارام و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سووریە، ئەمریکا ناڕەزایەتیی خۆی بۆ ئۆپراسیۆنەکە دەربڕی و رایگەیاند، هانی تورکیا دەدەن لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئەنجام نەدات.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند کە ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامیی ئاگربەست لەو ناوچەیە دووپات دەکاتەوە و باوەڕی وایە دەبێت هەمو لایەنەکان ڕێز لە سنوورەکانی ئاگربەست بگرن و ئارامیی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزن، بۆیە ئیدانەی ئەو لایەنانەش دەکەین کە هەوڵی زیادکردنی گرژییەکان دەدەن و داوای چارەسەری سیاسیی دەکەین بۆ کێشەکانی ناوچەکە.
نێد پرایس وتی، سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکەیان لە نیگەرانییەکانی تورکیا سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکانی تێدەگات، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئەو وڵاتە ئۆپراسیۆنەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێنەکات.