نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رێژیمی ئێران وتی: ئەمریکا ئامادەیە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، گەمارۆی زیاتر بسەپێنێتە سەر ئەو وڵاتەدا.
ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەروەی مەجلیسی سێنای ئەمریکا، سەرەڕای ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر لابردنی سپای پاسدارانی ڕێژیم ئێران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا وتی: ئەمریکا ئیزن نادا کە هیچ کات رێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و ئەگەر لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەگەڵ ئێران نەگەیشتین بە ڕێککەوتن ئەوە ئەمریکا ئامادەیە کە گەمارۆی زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێ.
نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، سەرەڕای هۆشدار بە ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر داواکارییەکانی لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: ئەمریکا هیچ کات داواکارییەکانی ئێران کە لە چوارچێوەی وتووێژەکانی ڤییەندا نین قەبووڵ ناکا و مل بۆ زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاناکێشێ.
ناوبراو لەدرێژەدا رێژیمی ئێرانی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیی کردن لە گرووپە تێرۆریستەکان و درێژە بە هەڕەشە تێرۆریستییەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا تۆمەتبار کرد.