یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی دەڵێ: لە ڕۆژانی داهاتوودا وڵاتێک بەناو ئۆکراینی ڕۆژهەڵات لە ئۆکراین جیادەبێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”دانشجوو” ڕۆژی چوارشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بەئاماژە بە هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین وتی: بەمزووانە وڵاتێکی سەربەخۆ و نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین دادەمەزرێ.
ناوبراو سەرەڕای ئاماژە بە لاوازبوونی جەوبایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا وتی: ئەمریکا حەزی لە پاراستنی ئورووپا نییە و وڵاتی ئۆکراینی ڕۆژهەڵات بە خێراترین کات دادەمەزرێ.
یەحیا ڕەحیم سەفەوی، لە کۆتایی قسەکانیدا بەئاماژە بە قەیرانی ئابووری لە نێوخۆی ئێران و بەرز بوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە ئەو بەربەرەکانێ و کۆڵنەدانەی کە لەکاتی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا لە خۆیان نیشانداوە بپارێزن و یەک دوو ساڵێک ڕاوەستن تا دەوڵەت و وەزیرەکان جێگیر بن و بتوانن ئەو کات کێشەکانی خەڵکی ئێران زۆر بە ئاسانیی چارەسەر بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی وڵاتەکەیەوە تووشی قەیرانیکی گەورەی ئابووری بووە، خەڵکی ئێران ناتوانن تەنانەت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکەن.