ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران باس لەوەدەکا کە٢٣ میلیۆن کەس لە ئێراندا خانوویان نییە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە ڕێکخراوە جیهانییەکان بڵاوی دەکەنەوە، پشکی کرێخانوو بەراورد بە تێچووەکانی دیکەی هەر بنەماڵەیەک لە ٥٢ وڵاتی جیاوازی جیهاندا لە سەتا ٢١ی تێچووەکان لەخۆ دەگرێ، بەڵام ئەو ڕێژەیە لە ئێران بە گشتیی لە سەرووی لەسەتا ٤٠ و تەنانەت لە تاران ئەو ڕێژەیە دەگاتە لەسەتا ٥٠.
ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٩٩دا لە نوێترین ئاماری خۆیدا دەڵێ: زیاتر لە ٢٣ میلیۆن کەس لە ئێراندا کرێچین و کرێخانوو لە ئێراندا لە ساڵی ٦٥ی هەتاوی لە سەتا١٢ی تێچووەکانی هەر بنەماڵەیەک لەخۆ دەگرێت و لە ساڵی ٨٥ی هەتاوی ئەو ڕێژەیە بەرز بووەتەوە بۆ لەسەتا ٢٣ و ساڵی ٩٠ بۆ لە سەتا ٢٧ بۆ ساڵی ٩٩ ئەو ڕێژەیە گەیشتۆتە لە سەتا ٣٨.
جێگەی ئاماژەیە ئێران سەرەڕای ئەوەیکە وڵاتێکی پڕپیت و بەرەکەتە لە بواری کشتوکاڵییەوە و هەروەها وڵاتێکی دەوڵەمەندە لە بواری سەرچاوە کانزاییەکان و “نەوت و گاز”ەوە، بەڵام بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیکی بەرپرسانی ڕێژیم و بەڕێوەبردنی سیاسەتە هەڵەکانیان لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، هەموو سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران خەرج دەکەن بۆ میلیشیاتێرۆریستەکانیان، بەمەبەستی تێکدان و ناسەقامگیری وڵاتانی دیکە و خەڵکی ئێران لە ناخۆشترین بارودۆخی ئابووریدا ژیان دەکەن، بەجۆرێک کە بەردەوام لە شارەکانی ئێران خۆپێشاندانی ناڕەزایەتیی بەڕێوە دەچێ و بەرپرسانی ڕێژیم بەجێگەی ئەوەیکە کێشەی خەڵکی ئەو وڵاتە چارەسەر بکەن بە توندترین شێوە سەرکوتیان دەکەن.