باڵەخانەی میترۆپۆل بە هۆی کەمترخەمی و گەندەڵیی بەرپرسانی رێژم و ناستانداردیی بیناکەوە رووخا و دەیان کەس بوونە قوربانی.
ڕۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی جۆزەردانی سالی ١٤٠١ی هەتاوی باڵەخانەی ١٠ نهۆمیی مێترۆپۆل لە شاری ئابادان سەر بە پارێزگای خووزستان لە ناکاو ڕووخا و بوو بەهۆی کوژرانی ١٦ کەس و زیاتر لە ٣٥ کەسیش بریندار بوون ، و هێشتا شک و گومان لەوە هەیە کە خەڵکێکی زیاتر لە ژێر بینا ڕۆخاوەکە مابێت.
جێ ئاماژەیە کە شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم بینایە بە هۆی بەرتیل و گەندەڵی و دزیی بەرپرسانی شارەوانیی ڕێژیم لە شاری ئابادان، ناستاندارد درووست کراوە و هەر بەم هۆیە باڵەخانەکە ڕووخاوە.
خەڵکی ئابادان بە هۆی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەوە بەرپرسی شارەوانیی ئەم شارەیان دایە بەر لێدان و ڕێژیم بە بەرپرس دەزانن لە ئاستی گیان لەدەستدانی کەسوکاریان. شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی دوای ڕووخانی بیناکەش بە جێگای خزمەتگوزاریی خێرا و فریاگوزاریی ئەو خەڵکە هێزی سەرکوتی ڕەوانەی ئەو شوێنە کردووە و ئەمەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتۆتەوە.