مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شنۆ کە لە بەندیخانەی ورمێ بەندکراوە، بۆ جێبەجێ کردنی سزاکەی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی خەڵکی “شنۆ” کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە، ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێیەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و ئەگەری جێبەجێکرانی سزاکەی زۆرە.
مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “ئاڵکاوێ” سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی. لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی جێگیر لە پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەستڕێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٧ بۆ جاری یەکم لەلایەن لقی دووی دادگای نایاسایی رێژیمەوە لە شاری ورمێ بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوئ حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووەم بە تۆمەتی «شەڕی چەکداریی بەدژی ڕێژیم و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی”لەلایەن لقی دووی دادگای نایاسایی رێژیمەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.
مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە و باوکی منداڵێکی کەم ئەندامە و ١١ ساڵ پێشیش هەر بە تۆمەتی سیاسی بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.