عەلی دڵباختە، پزیشکی ناسراوی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، بەهۆی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر گرانی لەڕادەبەدەری پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان یەک لەوان دکتۆر عەلی دڵباختە بەهۆی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی دوو کەس لە دەسبەسەرکراوەکان بە ناوەکانی “عەلی دڵباختە و یەزدان جوانمێری” ئاشکرا بووە و ناسنامەی کەسی سێیەم ئاشکرا نەبووە.
جێگای ئاماژەیە کە د. عەلی دڵباختە یەکێک لە پزیشکە لە خۆبردوو و خۆشناوەکانی ناوچەیە کە ئێستا لە ناوچەی ئەزگڵە سەرقاڵی خزمەت کردنە و پاش ناڕەزایەتی و گوشاری خەڵک بۆ هێزە ئیتلاعاتییەکان ناوبراو ئازاد کراوە و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو کەسەکەی دیکە تا ئێستا ئاشکرا نەبووە.