کاک عەزیز ئەمینی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات لە شاری سایینقەڵای ناوچەی هەوشار بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە، ١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک عەزیزئەمینی، ناسراو بە عەزیز بۆرەکەیی، خەڵکی ئاوایی “حەسەنلۆلان”ـی سەر بە شاری سایینقەڵای ناوچەی هەوشار، بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە ماڵاوایی لەژیان کرد.
کاک عەزیز بۆرەکەیی ساڵی ١٣٥٨ وەک پێشمەرگە لە هێزی شەهیدانی هەوشار لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتدا سازمان درا. ناوبراو لە چەندین ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ هێزە دژیگەلییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەشداریکرد، بەتایبەت لە بەرەی شەڕەکانی عەلی باڵتە و حەسەنلۆلاندا چالاکانە بەرگریی لە نەتەوە و نیشتمانەکەی کرد.
کاک عەزیز ئەمینی، ناسراو بە عەزیز بۆرەکەیی تا پاییزی ساڵی ١٣٦٢ لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی هەوشاردا بەشداربووە و چەند جارێکیش بریندار بووە،هەر ئەو ساڵە بەهۆی دۆخی تایبەتیی بنەماڵەکەیەوە و بە ئیزن و ئاگاداریی حیزب، دەچێتەوە بۆ نێوخۆی وڵات و تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێباز و ئامانجی حیزبی دێموکرات مایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی کاک “عەزیز بۆرەکەیی” سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەی هەوشار دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.