دوای کوشتنی حەسەن سەییاد خودایی، ئەندامی باڵای سپای پاسدارانی ڕێژیم لە تاران و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران،ئەرتەشی ئیسرائیل ئامادەباشی ڕاگەیاند.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، هێزەکانی ئیسرائیل لە سنوورە هاوبەشەکانیان لەگەڵ سووریە و لوبنان بۆ پێشگرتن و بەرپەرچدانەوەی هەرجۆرە هێرشێک لەلایەن حیزبوڵا و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ئامادەباشییدایە.
هەرلەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی” نوور نیوز” نزیک لە شۆرای ئاسایشی رێژیمی ئێران دەڵێ: کوشتنی سەییاد خودایی، تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکانە و بە خێراترین کات تۆڵەی لە بکەرانی ئەو ڕووداوە دەکەینەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پاش سەدان هێرشی ئاسمانیی لە سووریە، ئێران و عێراق و بێجگە لە کوشتنی سەدان کەسی سەر بە ڕێژیم لە لایەن ئیسرائیلەوە لە سووریە و عێراق و کوشتنی چەندین مۆرەی سەرەکیی سپای پاسداران لە تاران و هەروەها بوردومانی بنکە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە لە لایەن ئیسرائیلەوە، کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستاش نەیتوانیوە هیچ وڵامێک بە ئیسرائیل بداتەوە.
پێویستە بگوترێ کە “سەییاد خودایی” فەرماندەیەکی باڵای سپای پاسدارانی ڕێژیم، یەکێک لەو کەسانە بووە کە کەرەستەی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بە شێوەی قاچاخ دەگەیاندە گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵای لوبنان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.
هەروەها کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل لەوبارەوە ڕایگەیاند کە، “خودایی” مۆرەی سەرەکی بووە لە کردەوە تێرۆریستیەکانی وڵاتانی “کێنیا” “قیبرس” “سێنێگال” “کۆلۆمبیا و چەند وڵاتی دیکە و کەسێک بووە کە “مەنسوور ڕەسووڵی” ئەرکدار کردووە کە کنسۆلی ئیسرائیل لە ئیستانبووڵی تورکیەدا تێرۆر بکا.