لە دیداری شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاکادیمیای کوردی باس لە بایەخی بەدێکیومێنتکردنی مێژووی بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد کرا.
پیشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٢ی جۆزەردان شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە، سیاسەتمەدار و سیمای ناسراوی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورد سەردانی ئاکادێمیای کوردی لە هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستانی کرد. شاندی حیزب لەلایەن هەیئەتێکی ئاکادێمیای کوردییەوە بە سەرپەرستی پڕۆفیسۆر عەبدولفەتاح عەلی بۆتانی، سەرۆکی ئاکادێمیا و د. نەجات عەبدوڵڵا، ئەندامی کارای ئاکادیمیاوە پێشوازییان لێ کرا.
لەو دیدارەدا شاندی خانەخوێ بە بایەخەوە باسیان لە کار و پڕۆژە و خزمەتە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد و ڕۆڵی کەسایەتییە دیارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان لە دەوڵەمەندکردنی پاشخانی کولتووری و ئەدەبیی کورددا بەرز نرخاند. هاوکات شاندی میوان وێڕای سپاس لە پێشوازیی گەرمی ئاکادێمیا هیوای بەردەوامی لە کار و پڕۆژەکانی ئاکادیمیای کوردییان بۆ بەڕێوەبەرانی خواست.
لەو دیدارەدا بە تەسەلی باس لە بایەخی بەدێکیومێنتکردنی مێژووی بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد کرا و پێ لەسەر پێویستیی بەردەوامیی هاوکارییەکانی دوولایەن داگیرایەوە.