جێگری وەزیری بەرگریی عەرەبستان و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری یەمەن، لەسەر پتەوکردن و نوێکردنەوەی هاوپەیمانیی هاوبەش بەدژی ڕێژیمی ئێران وتووێژیان کرد.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی وڵاتی عەرەبستانی سعوودی، ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، خالید بن سەلمان، جێگری وەزیری بەرگریی عەرەبستان لە دیدارێکدا لەگەل “تیم لێندێر کینک” نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری یەمەن، لەسەر نوێکردنەوەی هاوپەیمانی و پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانیان وچالاکیی هاوبەشیان بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتووێژیان کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بە هەموو توانایانەوە بەرەنگاری کردەوە تێکدەرانە و تێرۆریستییەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە دەبنەوە و پێش بە سەرەڕۆییەکانی تاران دەگرن.
لە درێژەی ئەو دیدارەدا هەردوولایەن جەختیان لەسەر هاواهەنگیی دیپلۆماتیک، ئاسایش و سەقامگیریی سەبارەت بە چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە ناوچەکەدا لە ڕێگای چەکی ناوکیی، پشتیوانی لە تێرۆریزم و بەرنامەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی مووشەکی بالێستیک کردەوە و خالید بن سەلمان باسی لەوە کرد کە دەستێوەردانی میلیشیا حووسییەکان لە کاروباری یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی سەقامگیریی لەو وڵاتەیە.