چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند کە، حیزبوڵای لوبنان شوێنگەلێکی بەمەبەستی بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە باشووری سووریە دابینکردووە لە ڕێگای سووریەوە و بە قاچاخ هەناردەی وڵاتانی ڕۆژاوایی دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەرتەشی ئۆردۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە چالاکییەکی هاوبەشدا لەگەڵ سووریە چوار قاچاخچیی مادە هۆشبەرەکان کوژران کە یەکێک لە کوژراوەکان سەر بە حیزبوڵای لوبنان بووە و ئەوانیش لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە هەموو پشتیوانییەکیان لێ دەکرێ و بەرپرسی ئەو قاچاخچیانە کە لە ڕووبەڕووبەنەوە لەگەڵ ئەرتەشی ئۆردۆن کوژراوە، سەربە فەرماندەی “کۆماندۆکانی ئینقلاب”ـی حیزبۆڵای لوبنان بووە کە پیشتر لە ناوچەی ٥٥ بە پشتیوانی ڕێژیمی ئێران کردەوەی تێکدەرانەیان ئەنجام دەدا.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە باسی لەوەشکرد کە، هەموو کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانە، ڕاستەوخۆ بە فەرمان و لەژێر چاوەدێریی سپای تێرۆریستی قودسی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەکرێ، بۆیە پیویستە کۆمەڵگەی جیهانی و هەموو وڵاتانی جیهان ئاگاداری پیلان و کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران بن، هەروەها ئەو فەرماندەیەی کە کوژراوە لە باشووری سووریە چەند کارگایەکی بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکانی هەبووە و بە قاچاخ بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایی هەناردە دەکرد.