خۆڵبارین وپیسبوونی هەوا زۆربەی پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە و قوتابخانە و زانکۆکان داخران.
ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، بەهۆی شەپۆلی زۆری خۆڵبارین و تەپوتۆز لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران و بە تایبەت کوردستان، زانکۆ، قوتابخانە و فرمانگەکان داخران.
ئەو خۆڵبارینە خەڵکێکی زۆری تووشی کێشە کردوە و تا ئێستا زیاتر لە سەدان کەس بەهۆی هەناسەسواربوون و هەستیاربوون بەو تۆز و خۆڵە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان لە کوردستان زیاتر لە هەموو شوێنێک بەرەوڕووی ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە بوونەتەوە و رێژی پیسیی ئەم شەپۆلە ١٠قات زیاتر لە رێژەی ئاساییە و ئەمە بۆ هەموو گرووپە تەمەنییەکان بە تایبەت منداڵان و بەتەمەنەکان و ئەو کەسانەی نەخۆشی هەناسە و سییەکانیان هەیە مەترسییدارە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندە لێکۆڵینەوەکانی کەشوهەوا لە ئێران، ساڵانە ٤١ هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا و خۆڵبارین گیان لەدەستدەدەن.
هەروەها کەش ناسیی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگاداریی بەپەلەیان داوە کە خەڵک لە هاتوچۆ خۆ ببوێرن و تا دەتوانن لە ماڵ بمێننەوە .
هەر لەو پێوەندییەدا و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی (WHO)، ساڵانە لە جیهاندا زیاتر لە حەوت میلیون کەس بە هۆی پیسبوونی کەش و هەوا و نەخۆشییەکانی پێوەندیدار گیانیان لەدەست دەدەن.
لەو ڕاپۆرتەشدا هاتووە کە ئەم خۆڵبارینە دەیان نەخۆشی دیکە تووشی مرۆڤەکان دەکا و کاریگەری زۆریشی لەسەر بەروبووم و ئاژەڵەکان و تەنانەت لە ناوچوونی بەشێکی زۆر لە ڕووەک و سیسرکەکانیش هەیە.