پێشنوێژی هه‌ینیی شاری زهك ده‌ڵێ كاربه‌ده‌ستان خۆیان به كانتینێر باری قاچاغ دێنن‌و ده‌به‌ن، که‌چی ته‌نیا كۆڵبه‌ره‌كانن سزا ده‌درێن‌و ده‌درێنه به‌ر گولله.
مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌ن خدری، پێشنوێژی هه‌ینیی شاری “زهك” له سیستان‌و به‌لوچستان وێڕای دانه به‌ر ڕه‌خنه‌ی شێوه‌ی كاركردی به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌ت له‌و پارێزگایه گوتی ئه‌وان دابینكردنی بژێوی ژیانی خه‌ڵك له ڕێگه‌ی هاتوچۆی بازاڕچه سنوورییه‌كان‌و به كۆڵبه‌ری، به‌دژی گه‌شه‌ی ئابووری ناو ده‌به‌ن‌و؛ هه‌موو هه‌وڵ‌و هه‌نگاوه‌كانیان له‌م پێناوه‌دا داخستنی ئه‌م بازاڕچه‌یانه‌یه، له حاڵێكدا ئه‌وه خاوه‌نانی كانتینێره‌كان‌و باره چه‌ندین میلیاردییه‌كانن كه زه‌ربه له به‌رهه‌می نێوخۆیی ئه‌م وڵاته ده‌ده‌ن نه كۆمه‌ڵێك كۆڵبه‌ری هه‌ژار كه بۆ ده‌ست كه‌وتنی پارووه نانێك گیانیان له به‌ری ده‌ستیان داناوه.
مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌ن خدری ڕوو به كاربه‌ده‌ستانی پارێزگای سیستان گوتی كۆڵبه‌ره‌كان له‌م ڕێگه‌وه پارووه نانێك بۆ ماڵ و منداڵه‌كانیان په‌یدا ده‌كه‌ن‌و چالاكی‌و هه‌ڵسووڕانی كردنی هیچ زیانێك به ئابووریی ئه‌م وڵاته ناگه‌یه‌نێ، به‌ڵام ئه‌وه ئاغاكانی خاوه‌ن كانتینێرو باره میلیاردییه‌كانن كه به‌رهه‌مهێنانی نێوخۆییان تێدا بردوه.
وه‌ده‌نگ هاتنی مه‌لا حه‌سه‌ن خدری له حاڵێک دایه که ته‌نیا له ساڵی ڕابردوودا زیاتر له ٢٠٠ كۆڵبه‌رو كارسبكاری كورد‌و به‌لووچ له ناوچه سنوورییه‌كانی كوردستان‌و سیستان‌و به‌لووچستان به تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی كاڵای قاچاغ که‌وتنه‌به ڕه‌هێڵه ئاگری هێزه ده‌وڵه‌تییه‌كان‌و له پێناو په‌یدا كردنی پارووه نانێكدا یان گیانیان دانا، یان به توندی بریندار بوون.
ئاماره ڕه‌سمییه‌کان ده‌ڵێن بایه‌خی قاچاغی که‌لوپه‌لی نێوماڵ له ئێران له ساڵ‌دا له ١٥ میلیارد دۆلار زیاتره، قاچاغی ده‌رمان، ماشێنی لوکس‌و سووته‌مه‌نیش خۆی له ٢٠ میلیارد دۆلار ده‌دا.
موجته‌با خوسره‌وتاج، قایمقامی وه‌زیری پیشه‌سازی به پشتبه‌ستن به ئاماره‌کانی ستادی به‌ربه‌ره‌کانی له دژی قاچاغی کاڵا ده‌ڵێ له ئێران له ساڵ‌دا بایی ٣ میلیارد دۆلار زێڕ، ٢ میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن دۆلار جلوبه‌رگ‌و پۆشاک،٢ میلیارد دۆلار که‌لوپه‌لی نێوماڵ، ٩١٢ میلیۆن دۆلار سیگار، یه‌ک میلیارد‌و ٥٠٠ میلیۆن دۆلار کۆمپیوتیرو که‌ره‌سته‌کانی، یه‌ک میلیارد‌و ٥٠٠ میلیون دۆلار که‌ره‌سته‌ی یه‌ده‌کی، یه‌ک میلیارد‌و ١٠٠ میلیۆن دۆلار که‌ره‌سته‌ی خۆجوانکردن، یه‌ک میلیارد‌و ٨٠٠ میلین دۆلار مۆبایل‌و تابلێت به قاچاغ ده‌هێندرێته‌وه وڵاته‌وه.