شڕۆڤەکارێکی سەربازیی ئەمریکا: یەمەن بووەتە گەورەترین شوێن بۆ مانۆڕە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتی “جی.ئێن.ئێس” ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، مایکڵ سیگاڵ، سەرهەنگی خانەنشینکراو و شڕۆڤەکاری سەربازیی ئەمریکا وتی: هێزی دەریایی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەی نهێنی لە ناوچەکانی دەریای سوور کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن و زانیاریی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە کۆ دەکەنەوە و چەکوچۆڵی قورس و سووک بۆ میلیشیا تێرۆریستەکانی حووسی لە یەمەن دەنێرن.
دوابەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتیی “ساویز” کە ئەو کەشتییە مۆڵگەی دەریایی سپای پاسداران بوو لە دەریای سوور، کەشتییەکی نوێی بە ناوی “ڕوودەکی” کردە جێگرەوەی کە لە ئێستادا لە کەناراوەکانی وڵاتی “ئێریترا” جێگیر کراوە.
هەروەها ناوبراو لە درێژەدا باس لەوە دەکا کە سپای پاسداران زۆرتر لە کەناراوەکانی یەمەن خۆی وەکوو بەرهەڵستکاری لە دزی و قاچاخ نیشان دەدا، بەڵام خودی سپای پاسدران لەو ناوچەیە گەورەترین مافیا و قاچاخچی مادەی هۆشبەریشە و بەنهێنی هەموو کردەوەیەکی تێکدەرانە و تێرۆریستی ئەنجام دەدا.
سپای پاسداران ئەوەیکە دەڵێ بۆ ڕێگریکردن لە دزی لەوناوچەیەدایە تەنیا لەبەر ئەوەیە کە بتوانێ لە ناوچەکانی دەریای سووردا بمێنێتەوە و چەکوچۆڵ بۆ میلیشیا تێرۆریستە حووسیەکانی یەمەن دابین بکەن.