لە یەک مانگی ڕابردوودا ٣٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی “ئەنجومەنی زندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”، لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ٣٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئەو ڕێژیمە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون. ئەنجومەن دەڵێ بەشێک لەو دەسبەسەرکراوانە دوای تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە و لە گرتوخانەکانی ئەو ڕێژیمەدا ڕاگیراون.
هەروەها بەپێی ئەو ئامارە لە مانگی بانەمەڕدا ١٢ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی گیراو لە مانگەکانی پێشوودا لە شارە جیا جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادگایی کراون و سزای بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندراوە.