ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، دەیهەوێ بە پێدانی بڕە پارەیەک ئەکاونتی چالاکانی سیاسیی و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دابخا.
ڕۆژی شەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، یەکێک لە پێرسۆنێلەکانی پێشتری کۆمپانیای “تێلاس ئینتێرنەشناڵ” لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی “بیبیسی”ـی فارسی وتی: لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشنیاریان پێ کردووم کە کار لەسەر داخستنی ئەکاونتی چالاکانی سیاسی بکەم و بەبۆنەی ئەو کارەشەوە بڕە پارەکیان پێ پێشنیار کرد و باسی ئەوەشیان کردبوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و بە تایبەت ئینستاگرام سیخوڕێکی زۆریان بڵاوە پێ کردووە بۆ داخستنی ئەکاونتی چالاکانی سیاسی و دژبەرانی ڕێژیمی ئێران.
ئەو پێرسۆنێلە کە پێشتر لە کۆمپانیای “تێلاس ئینتێرنەشناڵ” کاری دەکرد نەیوسیت ناوی ئاشکرا بکرێ وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بە دوای ئەوەیە کە، بە پێدانی بڕە پارەیەک سیخوڕی سۆشیال میدیایی پەیدا بکا و تەنیا کار لەسەر داخستنی ئەکاونتی چالاکانی سیاسی و دژبەرانی ڕێژیم بکەن، کۆماری ئیسلامی بۆیە زۆرتر جەخت لەسەر ئینستاگرام دەکاتەوە بۆ ئەوەی کە ئینتێرنێتی ئێران لاوازە بەشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە ناکا و چالاکانی سیاسیش لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە چالاکی لەگەڵ خەڵکی ئێران لە پێوەندیدان و ئەوەش وای کردووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ترسیان لێ بنیشێ و لە ڕێگەی سیخوڕەوە هەوڵی داخستنی ئەکاونتەکانیان دەدا.