بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، سەبارەت بە بووژانەوەی بەرجام هۆشداریدا و وتی: ئەگەر دانوستانە ناوکییەکانی ڤییەن ئاوا دوا بخرێ، بە ئاکام گەیشتنی ئەو وتووێژانە قورستر و بووژانەوەی بەرجام ئەستەم دەبێ.
ڕۆژی شەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، جۆزیڤ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر بە ئاماژە بە وتووێژی خۆی لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهییان، وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران، لە بارەی دانوستانەکانی بووژانەوەی بەرجام و هەندێ بابەتی گرینگی دیکەی دوو لایەنە، نووسی: زۆر گرینگە کە درێژە بە ڕەوتی دانوستانەکان بدەین، هەرچی زۆرتر لە چاوەڕوانیدا بمێنینەوە ئاکامگیری لە وتووێژە ناوکییەکاندا قورستر دەبێ.
یەکیەتیی ئورووپا ئاماژەی بەوەش کرد کە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر دانوستانە ناوکییەکانی لە ڤییەن جەجتی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لاری نییە، بەڵام چەند جارێکە کە بەرجام ڕاگیراوە و هۆکارەکەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بوونە و وڵاتانەی دیکەی ئەندام لە بەرجام باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئێران بۆ هیچ ڕێککەوتنێک جێی متمانە نییە و پێبەندی هیچ بەڵینێک نابێ، سەرەڕای ئەوەش یەکیەتیی ئورووپا هەوڵی ئەوە دەدا کە لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە تاران و واشینگتۆن بگەڕێنێتەوە بۆ بەرجام.