جێگری وەزیری بەرگریی عەرەبستانی سعوودی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ یەمەن، داوای کرد کە بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاشتی بۆ ئەو وڵاتە گوشار بخرێتە سەر میلیشیا حووسییەکان.
ڕۆژی شەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، شازادە خالید بن سەلمان، جێگری وەزیری بەرگریی عەرەبستانی سعوودی، لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسیویەتی: سەرەڕای ئەوەیکە ڕێککەوتنی ئاگربەس لە یەمەن کراوە، بەڵام میلیشیا حووسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام خەریکی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتەن و دەبێ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی جیهانی گوشاری توند بخەنە سەر میلیشیا حووسییەکان بۆ ئەوەی شاری “تەعز”ـیان داگیر کردووە و سەروەت و سامانی خەڵکی ئەو شارە بە تاڵان دەبەن و بە تەواوی ئاسایش و سەقامگیری ئەو وڵاتەیان تێک داوە.
لەلایەکی دیکەوە “محەممەد جابر” باڵوێزی سعوودیە لە یەمەن، وتی: بە مەبەستی گوشار خستنە سەر میلیشیا حووسییەکان بۆ واشینگتۆن سەفەری کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکایی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی وتووێژی کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی سەرەکی میلیشیا حووسییەکانە بۆ بشێوی و ناسەقامگیری، لە بەر ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە بە تەواوی پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکانی حووسی دەکا.