دوازدەهەمین کۆنفرانسی کومیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.
ئهو کۆنفرانسه رۆژی شەممە، ٨ ی بانهمهڕ بە مەبەستی پێداچوونەوە بە تێکۆشانی حیزبی لەو وڵاتە لە ماوهی نێوان دوو کۆنفرانسو هەڵبژاردنەوەی کۆمیتەی گشتی نوێ، بە بەشداری نوێنەری کومێسیۆنەکانی تەشکیلاتو چاودێری بەرنامەو ئەساسنامهو ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، بەشێک لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانو کۆمهڵێک چالاکی سیاسی لە شاری تورکو بەرێوەچوو.
کۆنفرانس بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و پاراستنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکردو بە وتارێکی کورتی کاک مەلا غەریب رەحیمی، وەک ئەندامی دێرینی حیزب دهستی بهکارهکانی کرد.
له بڕگهی یەکەمی دهسپێکی کاری کۆنفڕانسدا راپۆرتێکی سیاسی لەلایەن کاک کەریم رەسولی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حیزب لە فینلاند خوێندرایەوە. لە ماوهی نێوان دوو کۆنفرانسدا، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند دوو هاوڕێی تێکۆشەرو دوو ئەندامی دڵسۆزی حیزبی لە دەست دا. هاوڕێیان کاک عومەری حەمیدیو کاک خالید ئیبراهیمی، هەر بۆیەش کۆنفرانس بە ناوی ئەو دوو هاوڕێ نەمرەوە ناو نرا. کۆنفرانس ههروهها بە مەبەستی رێزگرتن لە تێکۆشانو ماندوبوونیان، چەند تێکۆشەرو هەڵسووڕی کورد لە وڵاتی فینلاندی وەک میوان بانگهێشت کردبوو کە لە بەشێکی دیکەی کاری کۆنفرانسدا هەر یەک لە میوانەکان پەیام و ئاخاوتنی خۆیان پێشکەش کرد.
برگەی یەکەمی کاری کۆنفرانس بە چەند گۆرانێکی شۆرشگێری لە لایەن هونەرمەند فەرهاد ئالانی کۆتایی پێ هات. برگەی دووهەمی کاری کۆنفرانسیش بە خویندنەوەی پوختەیەک لە کارو چالاکیی ئەو ماوەیەی کۆمیتە دەستی پێ کرد. دواتر کاک حەمەرەسول کەریمی، ئەندامی رێبەری حیزب باسێکی تێرو تەسەلی پێوەندیدار بە راسپاردەو پەسندکراوەکانی کۆنگری شانزدە پێشکەش کرد.
دوابەدوای ئەو باسانە نۆبە گەیشتە ئەندمانی حیزب بۆ دەربرینی سەرنجو تێبینیو رەخنە و پێشنیارەکانیان کە لەو بەشەدا ئەندامان زۆر چالاکانە بەشداریان تێدا کرد. دوا برگەی کاری کۆنفرانس تەرخان کرابوو بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەرێوەبەری نوێ بۆ کۆمیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ولاتی فینلاند.
لەو بەشەشدا سەرەتا هاورێ دوکتور کوێستان گادانی باسێکی کورتی لە پێوەندی چۆنیەتی هەڵبژاردن و مافەکانی ئەندام لە ناو تەشکیلاتدا بە ئاگاداری بەشداران گەیاند و پاشان لە پرۆسەیەکی دێموکراتیکدا دەستەی بەرێوەبەریی کۆمیتەی گشتی فینلاند هەلبژیردرا.