لە هەڵمەتێکی ئینتێرنێتیدا ٦٠هەزار واژۆ بۆ بڕینی بودجەی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران کراوەتەوە و داوا دەکرێ کە بودجەی دەنگوڕەنگی ڕێژیم ببڕدرێ و بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێ.
بە پێی هەواڵی”ڕادیۆ فەردا” لە هەڵمەتێکی ئینتێرنێتیدا بۆ لابردنی بودجەی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دابەشکردنیی بەسەر خەڵکدا، تا ئێستا ٦٠هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە و کۆکردنەوەی واژۆی بۆ ئەو داواکارییە بەردەوامە، چالاکێکی ئینتێرنێتی ڕووبە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکۆماری ڕێژیمی ئێران و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم وتی: گرانگردنی کەلوپەلە سەرەتاییەکان کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە بە بیانووی یارانە و ئامانجدارانە گرانتان کرد و دروستکردنی کانالە تەلەڤیزیۆنەکان کە لە پارەی خەڵکی هەژاری ئێران دابین کراوە و کارەکانیشی هەر بە پارەی خەڵک بەرەوپێش دەچێ و ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵک چاو لەو کاناڵانە دەکەن تەنیا بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵکە.
لە درێژەی ئەو هەڵمەتەدا هاتووە کە، لە دۆخی هەنووکەییدا زۆربەی زۆری خەڵکی کۆمەڵگەی ئێران کێشەی مادیی یەکجار زۆریان هەیە و دۆخی ئابووری ئێران لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەهیچ شێوەیەک باش نییە و خەڵکی هەژار بژێوی ژیانیان لەو پەڕی خراپیدایە و بەرپرسانیش بە کەیفی خۆیان ژیان دەکەن.