چاوەدێری مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، دەسبەسەر کردنی چالاکان لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکان بەبێهۆ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم دەکا.
ناوەندی چاوەدێری مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لە درێژەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕینی گەلانی ئێران لە هەمبەر گرانبوونی پێداویستییەکانی ژیان کۆمەڵێک لە چالاکانی بە تۆمەتی جۆراوجۆر و بە بێهۆ دەسبەسەر کردووە.
ئەو ڕێکخراویە ڕۆژی هەینی ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای مەحکوومکردنی کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر خەڵکی ناڕازیی نووسی:” کە دەسبەسەر کردنی خەڵکی ناڕازیی ئێران لەلایەن ئەر ڕێژیمەوە نیشانەی هەوڵی بە ئاکام نەگەیشتووی کۆماری ئیسلامییە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی خۆپیشاندانەکانە لە سەرانسەری ئێران.
جێی ئاماژەیە کە هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، دژبە گرانی، دەستپێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت سنووردار کراوە و هەر وەها بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لانیکەم پێنج کەس لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون.