کاک ڕۆستەم پوورئازەر، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی ناوچەی شامات، بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شیرپەنجەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٣٠ بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی کاک” ڕۆستەم پوورئازەر” ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی گوندی” حاجی حەسەن” سەربە ناوچەی شاماتی مەهاباد، پاش ٦ مانگ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت وماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو مرۆڤێكی خۆش ناو و نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەی شامات و دەوروبەر بووە و لەسەرەتای لاوەتیەوە تێکەڵاوی کاری حیزبی بووە و لە ساڵی ۱۳٦٨ەوە تا ساڵی ۱۳۷٥ی هەتاوی ئەندامێکی چالاکی حیزب بو، هەرئەرکێكی پێی ئەسپێردرابا زۆر بەخێرایی جێبەجێی دەکرد و تا دوایین ساتەکانی ژیان وەفادار بە حیزبی دێموکرات و ڕێگای پڕ لە شانازی شەهیدان مایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی کاک” ڕۆستەم پوورئازەر” سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.