ئامینە ئەمیری دایکی دوو ئەندامی حیزبی دێموکرات، بە هۆی نەخۆشی لە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان دایە ئامێنە ئەمیری ڕۆژی هەینی ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، دوای ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشینی دڵ، لە تەمەنی٦٨ سالیدا لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
دایە ئامینە دایکی دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی فەردین و هیوا کەریمی و خەڵکی شاری سنەیە کە ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو و سەرەڕای چەندین جار گرتن و ئەزیەت و ئازار لە لایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە هیچکات لە ڕێگا و ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریی پەشیمان نەبووە و تا ماڵاوایی یەکجاریی وەفادار بەو ڕێگا پیرۆزە مایەوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە ئامینە ئەمیرییەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.