بڵاو بوونەوەی وێنە و لێدوانی وریا غەفووری وەرزشوانی بە هەڵوێستی کورد لە دەنگوڕەنگی رێژیمدا قەدەغە کرا.
دوای هەڵوێستی وریا غەفووری لەهەمبەر گرانی و سەرکوتی خۆپێشاندانەکان و پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی، دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران، بڵاو بوونەوەی وێنە و لێدوانی ئەم وەرزشوانە بەهەڵویستەی کوردی قەدەغە کرد و جیا لەمەش کەوتوەتە بەر لێدان و بێڕیزی کردن لەلایەن میدیا شاراوە و دەمامکدارەکانی ڕێژیمەوە.
وریا غەفووری، کاپیتانی یانەی تۆپی پێی ئیستقلالی تاران سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران وەکوو وەرزشوانێک هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و وتی: بە دیتنی بارودۆخی ژیانی خەڵک گریانم دێ، من نازانم بەرپرسان شەرم نایانگرێ کە ئەو بارودۆخە دەبینن؟
ناوبراو هەروەها سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی خەڵک لەهەمبەر گرانییەکان ڕوو بە هەواڵنێران وتی: من هەرکات باسی پرسی کۆمەڵایەتی و مەدەنی دەکرێ، تۆپیپێ ئیتر بۆ من سەرەکیی نییە و دەبێ لەو جێگە وپێگەیەی کە هەمە کەڵک وەرگرم و زمانی ئەو لایەنگرانەم بم کە بە هەزار چەرمەسەری بلیتیان کڕیوە و هاتوون و هاندەری ئێمە دەبن.
جێی وەبیر هێنانەوەیە کە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران لەهەمبەر گرانی و بەرزبوونەوە نرخی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، دەستی پێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە دەیان کەس لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چەند کەسیش کوژراو وبریندار بوون.