ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی دروستکردنی گوشار بۆ سەر وڵاتانی دیکە و بە ئامانجی ئازادکردنی داراییە بلۆکەکراوەکانی، لە کەناراوەکانی نێودەوڵەتی دەست بەسەر کەشتییە بازرگانی و سووتەمەنیبەرەکاندا دەگرێ.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، حوسێن دێهەکی، فەرماندەی هێزە سنوورییەکانی ڕێژیم لە پارێزگای هۆرموزگان، دەڵێ: دەستیان بەسەر کەشتییەکی سووتەمەنیبەری بیانیی لە ئاوەکانی کەنداودا گرتووە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە چەند جارێکە کۆماری ئیسلامیی ئێران کاری لەو شێوەیە دەکا و کەشتیڕانیی نێونەتەوەیش لەو بارەوە هەڕەشەی کردووە و وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران بۆیە ئەو کارە دەکا لەبەر ئەوەیە کە دەیهەوێ لەو رێگەیەوە داراییە بلۆکەکراوەکانی ئازاد بکا بەڵام ئەوە ڕێگەیەکی تێکدەرانەیە کە تاران هەنگاوی بۆ دەنێ و لەو ڕێگەیەوە هیچی دەست ناکەوێ.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی “واشینگتۆن پۆست” لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لە بارەی دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەشتییە سووتەمەنیبەرەکانی وڵاتان لە ئاوە نێونەتەوەییەکان، نووسی؛ سپای تێرۆریستی پاسداران هۆکاری سەرەکی بە قاچاخبردنی سووتەمەنییە لە ئێران و تەواوی سامان و داهاتی خەڵکی ئێرانی بە تاڵان بردووە و لە دەرەوەی ئێران دەیکاتە خەرجی میلیشیا تێرۆریستییەکانی بۆ کردەوەی تێکدەرانە.